جا کاک مەسعود گوێ بۆ کێ دەگرێ؟

جا کاک مەسعود گوێ بۆ کێ دەگرێ؟
کاوە شێخ عەبدوڵا

ئیزافەیەک بۆ قسەکانی سادقی زیبا کەلام

ئەو قسانەی مامۆستای زانکۆ و سیاسەتمەداری ئێرانیی ( سادقی زیبا کەلام) لەبەردەم کاک مەسعوود و مەسرووری کوڕی و نێچیرڤانی برازایدا کردنی، شتی زۆر سادەوساکاربوون و هەموو کەسێک جا با ڕێژەی ژیرییەکەیشی کەمبێ، دەزانێ ئەو شتانە بڵێ. زیبا کەلام وتی: دڵ بە بەرزکردنەوەی تاوەرە بەرزەکان خۆش مەکەن، خەباتی سەدوپەنجا ساڵەی کورد هەر بۆ ئەوەنەبوو، ئەگەر بۆ ئەوانە بوایە خۆ دەتانتوانی لەپاڵ عێراقیشدا ئەوانە بەدەست بێنن ئیتر ئەو هەموو قوربانییەتان بۆچی دا؟

زیبا کەلام وتی: پەروەردەو بایەخدان بە پەوەردە زۆر لەبەرزکردنەوەو هەڵتۆقینی باڵاخانەو تاوەر گرنگترە. دیارە زیبا کەلامیش ئەوەی زانیوە کە ئێمە لەڕووی پەروەردەوە تا ئاستی سفر دابەزیوین بەڵام شیش و چیمەنتۆی دنیامان بردووە بەئاسماندا!

بارزانییەکان لەو مەجلیسەدا کە زیبا کەلام ڕاشکاوانە قسەکانی تیاکرد، دانیشتبوون، زیاتر وەکو حەپەساو دەردەکەوتن نەک وەک گوێگرێک کە گوێ لە کەسانی دڵسۆز بگرن. پێنج ساڵ زیاترە کاک مەسعوود ،گوێ بۆ یەک کەس ناگرێ. بڕیاری سەرنەگرتوو دەداتە دەست بڕیارێکی تری سەرنەگرتووەوە. سەرنەکەوتنێک دەسپێرێ بە سەرنەکەوتنێکی تر.

دوای مردنی مام جەلال و کاک نەوشیروان، لە گۆڕەپانەکەدا تەنیا کاک مەسعوود ماوەتەوە، کەچی ئەم سەرکردەیە نەگوێ لە کەسانی دەرەوەی بەرژەوەندییەکانی دەگرێ، نە ئامادەیە پیاچوونەوەیەک بە سەرنەکەوتن و شکستەکانی و بەڵێنە سەرنەگرتووەکانیدا بکاتەوە!

لە ریفراندۆمەوە ئەم سەرکردەیە چووەتە گۆشەیەک و بە هیچجۆرێک لێی ناترازێ. دیدار و دانیشتنەکانی  هەمیشە لەگەڵ ئەوانەدایە نە " نا "ی پێدەڵێن، نە پاشگەزی دەکەنەوە... هەر بۆ نموونە مانگی جارێک یان دوو جار کاکەحەمە دەبینێ، کاکەحەمەیش هەر ئەو شتانە دەڵێ و دەکات کە بارزانی دەیانڵێ ودەیانکات!

ئەو گۆشەیەی کاک مەسعوود لێی نایەتە دەرەوە، بە هیچجۆرێک شوێنێک نییە بۆ سەرکردەیەک کە گەلەکەی لە بەردەم دنیایەک مەترسی ناوخۆیی و دەرەکیدایە. گەلەکەی لەهەڵوەشاندنەوەیەکی جدی و ترسناکدایە، کەچی ئەم تاقانە سەرکردەیەی قۆناغی کلاسیکی کورد، هێشتا کردار و رەفتارەکانی حزبیین. لەباشترین حاڵەتدا کاک مەسعوود سەرۆکحزبێکی باشە بەڵام خۆی ئیسپاتیکردووە کە سەرکردایەتیی گەلێکی لێکترازاوی بەردەم چەندین هەڕەشەو مەترسی پێ ناکرێ!

چ خەمخۆرێکی ئەم گەلە دەتوانێ بچێتە بەردەم بارزانی و وەکو سادقی زیبا کەلام پێی بڵێ بە بینا و باڵاخانەدا مەنازە؟

کێ دەرفەتی ئەوەی پێدەدرێ لەبەردەم بارزانییەکاندا ئاوا ڕاشکاوانە پێیان بڵێ: هیچتان نەکردووە لەژێر ئەو بینا بەرز و جادەوبانە خۆشانەدا؟

بارزانییەکان هەر گوێ لەوانە دەگرن کە دەڵێن: پێشڕەوی کورد پارتییە سەرۆکمان بارزانییە. ئەوان هەر لەگەڵ ئەوانەدا دادەنیشن کە بەرژەوەندییەکانیان لە پێینەوە تێکەڵی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بووە!

پێنج ساڵیش دەبێ کێ لەشاشەی تیڤییەکانەوە بینیویەتی کەسێک بڵێ: سەرۆک بارزانی ئێوە گەلی خۆتان لە زەلکاوا جێهێشتووە. ئێوە هەر بینا بەرز دەکەنەوەو خوێندن و پەروەردە و کشتوکاڵی خۆتان ریسوا کردووە. ئەسڵەن ئێوە ئینسانی کوردتان بەجۆرێ هەراسان کردووە، رۆژانە بە هەزارانیان خۆزگە بەسەردەمی سەدامی جەلاد بخوازن.. تەنانەت کەسوکاری شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجەیش وادەڵێن؟

کاک مەسعوود گوێ بۆ هیچ کەسێک ناگرێ ئەگەر گوێی بۆ دڵسۆزانی ئەم میللەتە بگرتایە، بەدڵنیاییەوە خەڵک شاگەشکە نەدەبوون بەو قسانەی سادقی زیبا کەلام، هەروەها خۆیشیان وەکو حەپەساوێک گوێیان بۆ گرتبوو!

حزبەکەی کاک مەسعوود و یەکێتی هاوپەیمانی، هەر دڵسۆزێکی ئەم میللەتە مابێتەوە، دەچن بە هەڵڕشتنی پارە یان بەدروستکردنی دەزگایەکی کارتۆنیی بۆی، دەیانکەن بە بەشێک لە بەرژەوەندییە بێسنوورەکانیان. بۆیە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە کەس نەماوە گوێی بۆ بگرن سیاسەتمەدارێک و مامۆستایەکی زانکۆی ئێرانیی نەبێ کە ئامۆژگارییان بکات و بڵێ: پەروەردە لە  بەرزکردنەوەی بینا و باڵاخانە گرنگترە!

کاک مەسعوود گوێ بۆ کەس ناگرێ ئەگەر خراپەکانی پێ بڵێتەوە، بەڵام هەموو ڕۆژێک پێشوازیی لەوانە دەکات کە پێی دەڵێن: جەنابی سەرۆک تۆ باشبی هەموو شتێ باشە!

پێنج ساڵی رێکە ئەمە ئیشی کاک مەسعوودە بۆیە لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا زۆر شت لە کیسچوون، کە مەحاڵە بچنەوە شوێنی خۆیان!