ئاسۆ عەبدوللەتیف
#ئامینەکاکەباوە، یەک ملیۆن درەختی ئیرادەی چاند
بە قەدی درەختەکان، قەدی فەرهەنگی شارێک بپێوە
ئەوەی نەمام دەچێنێت، ئەگەر خاوەن ڕوانگەی عیرفانیی و فەرهەنگی و ڕۆحیی نەبێت و جوانی و سێبەرو هەتاوی خۆش نەوێت، ناکرێت ئەسڵەن باسی درەخت بکات. کێشەی دارو درەخت و نەمام، هەر چاندن نییە، ئەوەندەی ئاودان و ڕاگرتن و پاراستنیەتی لە وشک بوون و تیاچوون.
ئێمە کە فێری پاسەوانی و لاواندنەوەی درەخت و ژینگەو سەوزەڵان و بێشەڵان و مێرگ و بژوێن و پاوانی خۆمان نین، چاندن هیچ سودێکی نییەو بگرە تەفرەدان و خۆخەڵەتاندنە، ژینگەی مێشک کە پیس و ژەهراویی بوو هەموو ڕووبەرێک پیس دەبێت.
ئەگەر درەخت چاندن، بۆ پۆزو فیزو چالێنج و سنگدەرپەڕاندن و کەرەستەی سواوی دروشمبازی هەڵبژاردن بێت وەک ئەوەی کوردستان، ئەوە بەدبەختییە، ئێوە هی ئەو مەیدانە نیین و پێتان ناکرێ و داروبەردو ڕەزو کانیلەی ئەم نیشتیمانەتان هەموو شێواندو گۆڕیی بە چیمەنتۆو دیکۆری ناشیرین و ڤێللای بێ ڕۆح، وامەکەن، کاتێک ئێوە نازانن درەختەکان بپارێزن و ئاودێریی و چاودێریی بکەن وەک منداڵ، باسیشی مەکەن و مەیکەنە کەرەستەی میدیایی و موزایەدات، ئەوە دەرد ناخوات بۆ دەنگ و کورسی و ئایندەتان.
درەخت چاندن، هونەرو سەلیقەو پیشەسازیی و مرۆڤسازیی و کشتوکاڵە، واز لەو هونەرو پیشەسازییە کشتوکاڵییە کۆنە بهێنن کە شارەزای نیین. هیچ نەبێ وەرن دیوی ناوەوەی مرۆڤی تێکشکاوی کورد تۆزێ زیندوو بکەنەوەو ئاوی بەن و نەمامڕێژیی بکەن و ئینتیماو ئیرادەو کەرامەتی بۆ بگێڕنەوە، تاوەکو تورک و فارس و عەرەب، ژینۆسایدی کەلتورییمان نەکەن و یاری بە ئایندەو چارەنووسمانەوە نەکەن کە بە دەیان جار کێوو شیوو ڕەزو باخ و بێستان و مێرگ و پاوانیان سوتاندین.
هیچ نەبێ وەک ئامینە کاکە باوەی ژنە پەڕلەمانتاری کوردیی باڵا زڕاڤ لە سویید، درەختسازو ژینگەدۆستی مەعنەوی بن و دەوڵەت بهەژێنن، فاشیزم و راسیزمی پێ ڕاگرن، دوژمنی پێ داخ بکەن، ئەو بە یەک هەڵوێست و چەند وشەیەک یەک ملیۆن درەخت و وانەی نەبەزین و شکۆو ئیرادەی چاند لە بیرو زیهنیەتماندا !
درەخت، کەلتورە، پیاوی خۆی دەوێ بۆ چاندن و پاراستنی، بیرو زیهنیەت و شۆڕشی ژینگەییەو پرۆژەی دورمەودایە، پۆزلێدان نییە هەڵیکێشن و بیسوتێنن و بیچێنن، کەرەستەی تەبلیغاتیی نییە، مایکئەپ و جوانکاریی نییە وەک ئەو گاڵتەکردنەی هاوسەرەکەی محمد حەلبوسیی بانگەشەی بۆکرد لەم ڕۆژانەدا بۆ چاندنی هەزار درەخت لە پێناو یەک سناپدا، درەخت چاندن، فەرهەنگ و پرۆژەیە، دیسکتۆپ نییە بۆ کاتبەسەربردن و پڕکردنەوەی چالاکی میدیایی و ڕێکخراوەیی،
دەبێ دەزگای گەورەو بودجەی تایبەت و پیاوی وەرزێر و فەلاح، پیاوی غاباتیی و جوامێرو دەستقڵیشاوی خاکیی و چاوی گشتی لەسەربێت و هێندەش ئاسان نییە بانگەشە بۆکردنی.