کاتێک بەرپرس ئاگای لە خەڵک نیە

کاتێک بەرپرس ئاگای لە خەڵک نیە
حاکم شێخ لەتیف
لەکاتێکدا مووچەی فەرمانبەران نادرێت و خزمەتگوزاری پێشکەش ناکرێ و ھەرێم خراوەتە بەر قەرزی سەرو ٣٠ ملیار دۆلاری بەلام بەرپرسان  لەسەفەرو عەیش و نۆشی خۆیان ناکەون

بە دوو وەفدی جیاو دوو تەیارەی جیا دەچن بۆ پرسەی سەرۆکی ئیمارات بەشداری داڤۆس دەکەن کە تێچوەکەی ملیۆنان دۆلارە ، ھەر پارێزگارەو لە ولاتێکە، جگە لەسەفەرە رانەگەیەندراوەکانی وەزیرو بەرپس و سەرۆک حیزب و ئەندام سەرکردایەتی و بنکردایەتی حیزبەکان خۆیان و ماڵ و مندالیان بۆ سیاحەت و بەناوی نەخۆشی و چی و چیەوە، ھەمووی لەسەر بودجەی گشتی
ساڵی ٢٠١١ ئەو کاتەی لە پەرلەمانی عێراق بووین.


پێشتر بانگھێشتننامەیەک ھاتبوو بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ سەردانی ئەسینای پایتەختی یۆنان ، سەرۆکی پەرلەمانیش وەفدێکی لە ھەموو فراکسێۆنەکان پێک ھێنا کە ژمارەمان نزیکەی ١٩ پەرلەمانتار بوو « لە کوتلە کوردیەکان بەندەو مامۆستا بورھان و یەکێکی تر ئێستا بیرم نەماوە ئەندام بووین » ، ھێندەی ئەو ژمارەیەش فەرمانبەرو کارمەندو راگەیاندکار و  چوین بۆ ئەوێ ، دیارە سەرۆکی پەرلەمان درەنگ بەپیر بانگھێشتننامەکەوە چووبو ، کە ئێمە گەیشتین قەیرانی ئابوری یۆنان دەستی پێ کردبوو.


ھەموو رۆژێک خۆپیشاندان بوو مووچەیان پێ نەدرابوو، کە وەفدەکەی عێراقیان دی بەو ژمارە زۆرە، بە ئاشکرا نارازی بوونی خۆیان دەربڕی ، وتیان جگە لەوەی لە کاتی نەگونجاودا ھاتوون ، ئەو ژمارەیەش زۆرەو دەبێتە قورسایی بۆ سەر بودجەی ئێمە لەم کاتەدا، ئێمە خۆمان ھەموو سەفەرو ئیفادێکی بەرپرسەکانمان راگرتوەو سیاسەتی سک ھەڵگوشین پەیڕەو دەکەین ئێوەش بەو ژمارە زۆرە ھاتوون ، زۆر تەریق بوینەوە، خواخوامان بوو زوو تەواو بێت و لەبەرچاویان ونبین 
کەچی لای ئەمانەی خۆمان مێشیش میوانیان نیەو ھیچ قەیرانێک لە گۆڕێ نیەو مووچەی فەرمانبەری بێ دەرەتانیش نادرێ  بە خیالیشیاندانایە.