ئەم جارەش خانەنشینان

ئەم جارەش خانەنشینان
حەسەن جاف-ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ

دوابەدوای گیان لەدەستدانی ئەو ژمارە خانەنشینە و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەشیان لە ئەنجامی پاڵەپەستۆو بێپلانی بانکەکان لە کاتی پێدانی مووچەکانیان ، ئیدارەی شار هاتنە سەر خەت و بڕیاری پەیڕەوکردنی چەند هەنگاوێکان دا بۆ ئاسانکاری پێدانی مووچەکانیان کە لە هەموو بنکەکانی دابەشکردنی مووچەدا بکرێت ، بە پێچەوانەوە مانگی ڕابوردووش بە ڕێکرا و هیچ گۆڕانکاریەک نەکرا تەنها بانکی مەڵکەندی نەبێت بۆ ئەم مانگە خشتەیەکی هەڵواسیوە کە گوایا لە ماوەی 5 ڕۆژدا بە پێی کۆدی سەر شناسنامەی خانەنشینەکان مووچەکانیان پێدەدەن . ئەوەی جێی سەرنجی من بوو لەیەک دوو ڕۆژی ڕابوردوودا بەڕێوەبەری ژمێریاری هەمان بانگ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزێۆنی دا وتی تەنها ژمارەی خانەنشینای شارستانی کە لە بانکەکەمان مووچە وەردەگرن 8000 خانەنشینەو 2000 خانەنشینی موتەفەریقەی پیشمەرگەو هی دیکەشمان هەیە کە کۆیی هەمویان دەکاتە 10000خانەنشین و ئەگەر دابەشیان بکەن بەسەر ئەو 5 ڕۆژەدا دەبێت ڕۆژی 2000 خانەنشین مووچە وەرگرێت ، هەرچەند ئەم کارە لە بێپلانی و قەرەباڵغیە ناڕێکەی جاران باشترە و لە هەمان کات دا ئەم پرسیارانەش سەرهەڵ دەدات :

✫ ئەی بۆ لە بانکەکانی دیکەش دا ئەم سیستەمە پەیڕەو نەکرا ؟
✫ بۆ ژمارەی خانەنشینان بە شێوەیەکی یەکسان یا نزیک لەیەکەوە بەسەر بانکەکاندا دابەش نەکراوە ؟
✫ ئەی بۆ تا بە ئەمڕۆ کار لەسەر دروستکردنی کارتی زیرەک و کردنەوەی بنکەی دابەشکرن لە لایەن بریکارەکانەوە وەک پارێزگاکانی عێراق پەیڕەو ناکرێت ؟
لەکاتێکدا توێژی خانەنشینان ئەو شەهیدە زیندوانەن کە هەموو ژیانیان بەختکردووە بۆ ئەم نیشتمانەو بەم شێوە مامەڵیان دکرێت ، ئەی ئێوەی فەرمانبەرانی ئێستا بیرێک لە داهاتویی خۆتان ناکەنەوە کە حاڵتان لە ئەمان خراپتر دەبێت لە داهاتوودا ئەگەر هەروا بێهەڵوێستبن ، هەروەها باش دەزانن کە ئەمەی لە هەرێمی کوردستاندا بەرامبەر بە خانەنشینان دەکرێت لە ناو هیچ گەڵ و وڵات و سیستەمێکی هاوشێوەدا نەبینراوەو ڕوینەداوە .