ڕێبوار حەمە-رۆژنامەنووس
ئەو ڕۆڵەی ئێستا پلاسخارت دەیگێڕێت هەمان ئەو ڕۆڵەیە کە برێت ماکگۆرگ نوێنەری ئەمریکا لە پێش ریفراندۆم گێڕای بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان خۆی نەخاتە رەوشێکەوە نەتوانێت لێی پاشگەزبێتەوە.
پێش ریفراندۆمی 2017 زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لەسەروو هەموویانەوە ئەمریکا هۆشداریان دا بە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەرئەنجامەکانی ریفراندۆم بە زیان دەشکێنەوەو خۆیان بەرپرسیار دەبن لە هەر پێشهاتێک، بەڵام گوێ بە هۆشدارییەکان نەدراو سەرئەنجام زیاتر لە 50%ی خاکی کوردستان لە دەستدراو پێگەی هەرێمی کوردستان بەتەواوی بچوککرایەوە.
بۆ رەوشی ئێستاش جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دووجار هۆشداری داوەتە لە مەترسییەکانی سەر هەرێم و لە کۆبوونەوەشی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان بەوردەکارییەوە ئاستی مەترسییەکان رووندەکاتەوە.
دوای گەیاندنی ئەو پەیامەش پلاسحارت دەگەڕێتەوە بەغداد و رەنگە ئەویش وەک برێت ماکگۆرک لە داهاتوویەکی نزیک یان دوور ئەرکەکەی کۆتایی بێت و عێراق بەجێبهێڵێت، ئیتر بڕیار لای سەرکردەکانی هەرێمە چۆن بڕیار لەسەر قسەکانی پلاسخارت دەدەن.