لە بڕیارەکەی سەدرەوە بۆ توڕەی لایەنگرانی و جوڵاندنی شەقامی عێراقی

لە بڕیارەکەی سەدرەوە بۆ توڕەی لایەنگرانی و  جوڵاندنی شەقامی عێراقی
کوردنیوز
رۆژی ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢، موقتەدا سەدر لە تویتێکیدا وازهێنانی خۆی لە کاری سیاسی راگەیاند و سەرجەم دامەزراوەکانی داخست وتی "ئەگەر کوژرام یان مردم ئەوا داوای نزا و فاتیحا خوێندنتان لێدەکەم"، دوابەدوای ئەویش ساڵح محەمەد عێراقی وەزیرەکەی سەدر هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخست، ئەمەش توڕەیی لایەنگرای سەدری لێکەوتەوەو رژانە سەر شەقامەکان و بەهۆیەوە گرژی و قوربانی لێکەوتەوە.

سەدر دوای وازهێنانی، چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە:-

یەکەم: بە هەموو جۆرێک بەکارهێنانی ناوی رەوتی سەدر لە دەستوەردان لە هەموو بابەتە سیاسی و حکومی و مامەڵەکانی دامەزراوەکان قەدەغەیە
دووم: بەرزکردنەوەی دروشم و ئاڵا و دروشمی سیاسی لە میدیاکان بە ناوی سەدرەوە بە توندی قەدەغەیە.
سێیەم: بەکارهێنانی هەموو تۆڕەکانی کۆنەڵایەتی و سەکۆ میدیاییەکان بە ناوی رەوتی سەدرەوە قەدەغەیە.

پاش ئەم بڕیارانەی سەدر، دۆخی عێراق بەتەواوەتی شڵەقاو خۆپیشاندان لە پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و شەقامی عێراقی جوڵێنرا بە ئاڕاستەیەکی قورس کە کاریگەری کردە سەر دۆخی گشتی و کاردانەوەی وڵاتە جیهانییەکانی لێکەوتەوە.

بەهۆیەوە قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا و دەروازەکان داخرا و تەواوی کاری دەزگا حکومییەکان راگیرا و تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمیش دواخرا.

لایەنگرانی سەدر رژانە سەر شەقام و دەستبەجێ بەرەو ناوچەی و سەوز و کۆشکی سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران بەڕێکەوتن، لەلایەکی دیکەشەوە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانو فەرماندە سەربازییەکان ، داوای لە خۆپیشاندەران کرد بە زووترین کات لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە و بارودۆخی وڵات تێکنەدەن.

بەڵام لایەنگرانی سەدر بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و چوونە ناوچەی سەوز لەویش گرژی دەکەوێتە نێوانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و گازی فرمێسک رێژ بەکاردێت کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٠ کەس و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش برینداربوون.

دوا بەدوای فراوانبووونی رووبەڕوبوونەوەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە سەدر کرد بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەری پرۆسەی سیاسی عێراق بکەن و بگەنە بنبەستی سیاسی.

بەیانی ئەمڕۆش ٣٠ی ئابی ٢٠٢٢، پاش بەردەوامبوونی گرژییەکانی عێراق، شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، چوار موشەک لە هەردوو ناوچەى حەبیبییە و بەلەدیاتى رۆژهەڵاتى بەغداوە ئاڕاستەى ناوچەى سەوز کراون و لە شوێنی کۆمەڵگەی کەوتوونەتەخوارەوە و زیانی ماددی لێ دەکەوێتەوە.

کاردانەوەی وڵاتانی دیکە لەبارەی ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق چیبوو؟

-وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هەموو لایەنێک دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و بەدوای رێگەی چارەسەردا بگەڕێن و دەڵێت "نابێت ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی عێراق بخرێتە مەترسییەوە."

-باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق نیگەرانی خۆی لە دۆخەکە راگەیاند و وتی نابێت ئاسایشی وڵات بخرێتە ژێر مەترسییەوەو پێویستە لایەنەکان بە گفتوگۆ چارەسەری کێشەکانیان بکەن.

-باڵیۆزخانەی کوێت لە عێراقیش داوای لە هاووڵاتییانی کرد هەرچی زووە عێراق جێبهێڵن.

-ئێران هەموو دەروازەکانی لەگەڵ عێراق داخست و داوای لە زیارەتکارەکانی کرد لە نەجەف و کەربەلا ئاگاداری خۆیان بن.
تورکیا داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کرد گەشت بۆ عێراق نەکەن.

PM:12:13:30/08/2022