لە خولی ئیسپانیا، ئەمشەو ئەتلەتیکۆ مەدرید میوانداری ئیبار دەکات و بەرشەلۆنە و ریاڵ سۆسیدادیش یاری لوتکە ئەنجامدەدەن.
لە درێژەی یارییەکانی هەفتەی 38 و کۆتایی خولی پلە یەکی تۆپی پێی ئیسپانیا، ئەمشەو کاتژمێر حەوت و 30 خولەک، ئەتلەتیکۆ مەدرید لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ میوانداری ئیبار دەکات.
ئەم یارییە دوا یاری فرناندۆ تۆرێس دەبێت لەگەڵ یانە مەدریدییەکە و بڕیاریداوە کۆتایی ئەم وەرزە یانەکە بەجێبهێڵێت.
لە یارییەکی تردا و کاتژمێر نۆ و 45 خولەک، بەرشەلۆنەی پاڵەوانی خولەکە لە یاریگای کامپ نۆی تایبەت بەخۆی، بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد یاری دەکات.
بەرشەلۆنە ئامادەکاری بۆ ماڵئاواییکردن لە ئەندرێس ئینێستای کاپتنی یانەکەی کردوەو دوای یارییەکەش ئینێستا جامی خولەکە بەرزدەکاتەوە.