نرخی نەوتی خاو بەرەو سەرێ هەڵکشا

نرخی نەوتی خاو بەرەو سەرێ هەڵکشا

ئەم نرخەی ئەمڕۆی نەوتی خاو ٨٨ دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک، بەرزترین نرخە کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە تا ئەمڕۆ تۆمار کرابێت.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ وە گەشبینییەکی بێوێنە بازاڕی پیشەسازی جیهانی گرتۆتەوە. بازاڕی وزە سەرەتا بەهۆی کاریگەری لاوازی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەر تەندروستی مرۆڤەکان بوژانەوەیەکی بێوێنەی بە خۆیەوە بینیوە.

چاوەڕواندەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، ئابوری جیهان بەرەو بوژانەوە بچێت و بە هەمانشێوە داواکاری نەوتی خاو لە لایەن پیشەسازییەوە بەتەریبی بەرەو سەرێ هەڵبکشێت، کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکەی.

بە مەزەندەی مرۆڤە شارەزاکانی بواری وزە، ئێستا بازاڕی پیشەسازی ڕۆژانە پێویستی بە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی تر هەیە، کە ئەم بڕە زیادەیە دوبارە لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەسەوە دەبێت بخرێتە نێو بازاڕەوە. واتە لەم ڕۆژەدا بڕی دواکاری (Demand) زۆرترە لە بڕی ئەو نەوتەی کە ڕۆژانە دەخرێتە نێو بازاڕەوە (Supply)، ئەمەش یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی تر، کە لە بازاڕی وزەدا نرخی نەوتی خاو بەرەو سەرێ دەبات. هەروەها گرانی نرخی دۆلاری ئەمریکی لە بەرانبەر درواەکانی تر کاریگەری لە سەر بەرزبونەوەی نرخی نەوتی خاو هەیە!

بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ئەوە ماوەی چەند ساڵێکە کە نرخی وزە، بەتایبەتی نەوتی خاو، دابەزیبوو، هەروەها سەرمایەگوزاریش لە گێڵگە و وێستگەکانی نەوت و گازی سروشتیدا زۆر کەم بووبوەوە، واتە لە داهاتودا بردنەسەرەوەی بڕی چەند ملیۆنی دەرهێنانی نەوتی خاو لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەسەوە ئەستەمە، کە ئەم بارودۆخەش دوبارە کاریگەری لەسەر بڕی نەوی خاو دەبێت لە بازاڕدا و نرخەکەی دوبارە بەرەو سەرێ دەبات.

گرفتی جیۆپۆلیتیکیش یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی تر کە پاڵ بە نرخی نەوتی خاوەوە بەرەو سەرەوە دەنێت. ئاڵۆزبوونی کێشەی ڕوسیا و ئۆکرانیا و کێشەی حوسیەکانی یەمەن و وڵاتانی کەنداو ئەو گرفتە جیۆپۆلیتیکیانەن کە پاڵنەری بردەنە سەرەوەی نرخی نەوتی خاون.

کاریگەری ئەو هۆکارانەی سەرەوەیە کە دەبینین، نرخی نەوتی خاوی لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بەرەو سەرێ هەڵکشاوە.