قەڵەم وەشێنەکان

قەڵەم وەشێنەکان
لە کوردستان خوویەک هەیە یان با بڵێین عادەتێک هەیە کە جووت حیزبی دەسەڵات کردوویانە بە کولتوور و خووی خۆیان، ئەویش ئەوەیە کاتێک ئۆپۆزسیۆن گڵۆڵەی هەر لایانێکیان رووی پێ لە لێژیی دەکات، و دەخاتە تەنگەژێوە و حەقیقەت و رووی راستەقینەی دەسەڵات لەبەردم خەڵک دەخاتە روو، ئەوا وەک چۆن هێزە ئەمنیی و چەک بەدەستەکانیان لە کاتی خۆپێشاندانی خەڵکی و دەربڕینی نارەزایەکاندا دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، هەر ئاواش هێزی دووەمی خۆیان کە کەسانی بە ناو نوسەر و هونەرمەند و بە ناو شاعیر ...هتد


دەڕژیندرێنە ناو میدیا و سۆشیال میدیا و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و شاشەکان، دژ بە دەنگی زوڵاڵی ئۆپۆزسیۆن ڕایاندەسپێرن بۆ هێرشکردنی بێبنەما تەیاردەدرێن، بێ ئەوەی ئەو دەربارانە ئەو کڕدراوانە ئەو بەناو کەسایاتیانە گوێ بە پێگە ساختەکە و شوناسە فوتێکراوەکەی خۆیان بدەن، بێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن کە دەستەکەیان کەشفە و خەڵک هەر لە رۆژی یەکەمەوە زانیویەتی و دەزانێ کە كێ بۆچی لە پڕ دەبێ بە نوسەر لە پڕ کێ بۆچی دەکرێ بە شاعیر و ..هتد

ئەوا دەستدەکەن بە ماشێت نوسین و وتار نوسین و لایڤکردنەوە و پۆست نوسین و هاتە هات، وەک ئەوەی ئەوە ئۆپۆزسیۆنە بەرپرسە لەو هەموو بێدادی و بێ نەواییەی ولاتەکەمان، ئاخر ئەگەر ئۆپۆزسیۆن هەڵەیەکیشێ هەبێت، کەمتەرخەمیەکیشی هەبێت و وەک پێویست نەبێت و لە ئاستی داواکاریەکانی خەڵکی بەش مەینەتیشدا نەبێت، هێشتا ئەوە هیچ لەوە ناگۆرێ کە کێ هۆکاری ئەو هەموو چارە ڕەشیانەیە کە ئێمە و خەڵکی ئێمە دوچاری بۆتەوە، ئاخر ئەگەر ئۆپۆزسیۆن و فشارە مەدەنیەکانی ئۆپۆزسیۆن نەشیتوانیبێت دزەکان ناچار بە وازهێنان بکات، خۆ هیچ لەوە ناگۆرێ کە کێ دزەکەیە، کێ گەندەڵ و کێ زاڵمەکەیە.

ئەگەر ئەوانەی ڕادەسپێردرێن ئەوانەی دەخرێنە بازاڕ و دەخرێنە ناو میدیاوە، نەکڕدرابن بۆ رۆژێکیی ئاوایی هەڵنەگیرابن، ئەوا ئەو راستیە سادەیە هی ئەوەیە نەیزانی؟ واتا جیاکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن لە دەسەلاتێکی دز ئەوەندە کارێکی گرانە؟ تۆ ئەگەر نوسەرێکی ڕاستەقینەبیت چۆن دەکرێ دز نەبینیت دەسەلات نەبینیت و بەرامبەری نوقەت لێوە نەیەت، بەڵام شەو و رۆژ چاوت دەستت دەمت لەسەر ئەوەبێت دژی ئۆپۆزسیۆن شت بنووسیت، بەڵام کەسێک کە ڕادەسپیردرێت و دەکڕدرێت ئیتر خۆ ناتوانێ جگە لەو کارەی لەو ئەرکەی کە پێیسپێردراوە و بۆیکردڕاوە کارێکیتر بکات، ئێمە لەوەتێدەگەیەن کە ئەگەر بەناو نوسەرەکان بە ناو رۆشنبیرەکان لە دژی ئۆپۆزسیۆن نەنووسن وهاشە هاش نەکەن و رەش و سپی تێکەڵ نەکەن و پاک و پیس و زاڵم و نازاڵم تێکەڵاونەکەن، ئەوا بێگومان لە لایەن خاوەنەکانیانەوە لە لایەن دەسەڵاتی جووت حیزبییەوە توڕدەدرێن و فڕێدەدرێن!