زێلینسكی.. سمبۆلی رەوایەتی یان ناڕەوایەتی خەباتی گەلان

زێلینسكی.. سمبۆلی رەوایەتی یان ناڕەوایەتی خەباتی گەلان

هەڵەیەكی گەورەیە لە گۆشەنیگای روسیاوە سەیری كێشەی ئۆكراینا  بەكەین, لە گۆشەنیگای ئەمریكاوە نابێ سەیری خەباتی ئۆكراینا  بكەین .من نامەوێ لە روانگەی راگەیاندن و  سیاسیەكانی ئۆكرایناوە سەیری  چارەنووسی ئەو وڵاتە بكەم . گۆشەنیگای  زۆربەی  
نووسەرانی كوردیشم لا پەسەند نییە.

روسیا پێوابوو  بەشەڕێكی ٧٢ سەعاتی كورت خایەن، ئەوەی ئەڵمان پێیدەڵێت : بروسكە شەڕ Blitzkrieg سەرانسەری  ئۆكراینا  داگیر  دەكات و حكومەت دەڕوخێنێت.

ئەمریكاش پێێیوابوو:  ئۆكراینیەكان بۆ ماوەی تەنیا ٩٠  سەعات دەتوانن بەرگری لە خۆیان  بكەن . جۆ بایدن فەرمووی: دوعای خێر بۆ  گەلی ئۆكراینی بكەن .

گەلی ئۆكراینی داوای بەرگری  بەرانبەر سوپای داگیركەر  دەكرد.چونكە ئەوان ئەزموون و مێژووی دوور و درێژی پەلامار و داگیركاریان لە بەر چاو بوو..

پاژێك لە نووسەرانی كورد پێیانوابوو:  زێلینسكی  پیاوێكی (گەمژە ) و (گێل ) و ئەكتەرێكی كۆمیدی و نەزانە. گوایە:  شەڕەكە دەدۆڕێنێت و حەیای گەلی ئۆكراینیش دەبات.  

راستە سوپای داگیركەری روسی زۆربەی شارەكانی  وێران كرد. هەرچەند پووتین دەیان جار رایگەیاند : ئەوان تەنیا  لە بنكە سەربازییەكان دەكەنە ئامانج و هەقیان بەسەر خەڵكی مەدەنییەوە نییە! ئەوەش هەر راستە بەملیۆن ژن و مناڵی ئۆكراینی ئاوارە و سەرگەردانی وڵاتان بوون. بەڵام ئەگەر  دراوسێیەكی زلهێز داگیرت بكات ئەوە شكاندنی شكۆ و  ئازادی و مێژووی  گەلێك نییە؟
ئەو نووسەرە كوردانە ، كە ئاگرە سوورە دوو هەزار  كیلۆمەتر لێیانەوە دوورە ، داوایان دەكرد ، زێلینسكی  ئاڵای سپی خۆبەدەستەوەدان بەرز بكاتەوە .خوا خۆی روحمی كردو زێلینسكی بە قسەی ئەو نووسەرانەی نەكرد و لە ناو سەنگەرەكانی كیێڤدا مایەوە و سوپای روسیا  ، لە زۆربەی بەرەكانی شەڕدا ، ناچار كرا 
پاشەكشە بكات.

نووسەرو رووناكبیرانی كورد دەزانن: خۆبەدەستەوەدان  ، هەڵاتن و  خۆچەماندنەوە بەرانبەر سوپای داگیركەر ، چەند گران و زەحمەتە . ئێستا لەبری ئەوەی پەند و وانەی زێڕین لە ئەزموونی گەلی ئۆكراینی وەربگیرێت ، بە ئەقڵی خۆیان دەیانەوێت  گاڵتە بە عەقڵی سەركردەكانی ئۆكراینی بكەن: چۆن رووبەڕووی سوپای روسیا  بۆتەوە؟

پاش پتر لە چل رۆژ بەرەنگاری  : گەلی ئۆكراینی  ئەوەندە ئازا و ورەی بەرز و ئامادەكراوی بەرگری  بوو ، لووتی سوپای داگیركەری شكاند .

ئێستا سەرۆك زێلینسكی ، لە سەرانسەری جیهاندا ، بە گەورەترین سمبۆلی بەرگری دژی داگیركەر  وپارێزگاری ئازادی و سەربەخۆیی دادەنرێت . حەیفە  ئەم ئەفسانەی گەورەیەی سەدەی بیست و یەكە ، ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو خەڵاتی نۆبلی پێنەبەخشرێت . حەیفە  سەدان شەقام و گۆڕەپان و باخچەی  شارەكانی كوردستان  ناوی زێلینسكی لێ نەنرێت!