وەزارەتی خوێندنی باڵا: دەرماڵەی خوێندکاران مانگانە پێویستی بە 5 ملیار دینارە

وەزارەتی خوێندنی باڵا: دەرماڵەی خوێندکاران مانگانە پێویستی بە 5 ملیار دینارە
کوردنیوز
توانا نەجەف، سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵا مانگانە نزیکەی 5 ملیار دیناری پێویستە بۆ دەرماڵەی خوێندکاران.

سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا روونیکردەوە، لە مانگی ئەیلوولەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا داوایکردووە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەرماڵەی خوێندکاران نوێبکرێتەوە، لەکاتێکدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو مانگانە نزیکەی 7 ملیار و 250 ملیۆن دیناری بۆ پاڵپشتیی دارایی خوێندکاران تەرخانکرد بوو، بەڵام ئەمساڵ کەمتر لەو بڕەیان پێویستە کە نزیکەی 5 ملیار دینارە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ لە تەواوی شارو شارۆچکەکانی هەرێم خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ پێدانی دەرماڵەکانیان دەستیپێکرد و لە شاری سلێمانیش هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسک ڕێژیان بەکارهێنا و گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو.





PM:04:22:13/11/2022