ئایندەی پرۆسەی سیاسی عێراق لەبەردەم هەڕەشەکانی سەدردا بەرەو کوێ؟

ئایندەی پرۆسەی سیاسی عێراق لەبەردەم هەڕەشەکانی سەدردا بەرەو کوێ؟
کوردنیوز
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر تا کۆتایی هەفتەی داهاتووی دایە دەسەڵاتی دادوەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق.


رۆژی ١٠ی ئابی ٢٠٢٢ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر تویتێکی بڵاوکردبوویەوەو تێیدا رایگەیاندبوو، دەبێت تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو پەرلەمان هەڵبوەشێتێتەوە لەکاتێکدا لە دەستوری عێراقدا بڕیاری (هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان) لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە نابێت.

سەدر ئەوە دەڵێت بەشێک لە فراکسیۆنەکان گوێ بە داواکارییەکانی خەڵک نادەن تاوەکو پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.
سەدر داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەکات کە دەیەوێت تا کۆتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمان هەڵبوەشێتەوەو داواش لە سەرۆک کۆمار دەکات کاتێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریبکات.

لەبەرامبەریدا چوارچێوەی هەماهەنگی داوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەتی عێراق دەكەن.
پاش ئەوەی خۆپیشاندەران کە لایەنگرانی سەدرن، پەرلەمانی عێراقیان کۆنتڕۆڵکرد سەدر لە تویتەکەیدا کە دوێنێ بڵاویکردبوویەوە ئاماژەکانی دەریانخستووە کە رێڕەوی خۆپیشاندانەکانی بەرەو ئەنجومەنی دادوەریی‌و دادگای فیدراڵی گۆڕی.

بەشێک لە زانیارییەکان ئەوەشیان خستۆتە ڕوو، ئەگەری هەیە خۆپیشاندەکان روو لە ناوچەی(جادریە)‌و كۆشكی (سەرۆكایەتی كۆمار)یش بكرێت.

سەبارەت بەبۆچوونەکانیش، عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی لەسەر وتەکەی سەدر کە داوا دەکات پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، دەڵێت دادگا هیچ دەقێكی یاسایی لەبەردەستدا نییە كە بتوانێت بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدات و لەلایەکی دیکەشەوە ناكرێت دادگا بیانووی ئەوەی هەبێت کە دەقی لەبەردەستدا نییە .

پارێزەر حەبیب جاف، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دەڵێت، گەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان فشار بخرێتەسەر دادگای فیدڕاڵی، ئەگەری هەیە دادگا بڕیارێک دەربکات و بڵێت: ئەم پەرلەمانە هەموو ماوە یاساییەکانی تێپەڕاندووە و لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران سەرکەوتوو نەبووە.

PM:01:53:11/08/2022