کوردنیوز
جه‌ژنى چوارشه‌ممه سور یان جه‌ژنى سه‌رى ساڵى ئێزدى, یه‌كێكه له‌و بۆنانه‌ى ساڵانه كوردانى ئێزدى له‌سێیه‌مین چوارشه‌ممه‌ى مانگى نیسان تیایدا ئاهه‌نگ ده‌گێڕن.
له‌رۆژى چوارشه‌ممه‌ى سوردا, ئێزدییه‌كان له‌ناوچه جیاكانه‌وه سه‌ردانى مه‌زارگه‌و شوێنه پیرۆزه‌كانیان ده‌كه‌ن.
ئێزدیه‌كان 366 چرا هه‌ڵده‌كه‌ن, چونكه ساڵنامه‌ى رۆژهه‌ڵاتى كوردانى ئێزدى, 366 رۆژه, ماڵانیش گوڵى سور به‌ده‌رگاكانیانه‌وه هه‌ڵده‌واسن.
دواى ته‌واوبونى رێوڕه‌سمه ئاینیه‌كانیان, ئێزدیه‌كان ده‌چنه‌وه بۆ ماڵه‌كانیان, دواتر بۆ پیرۆزكردنى رۆژه‌كه سه‌ردانى یه‌كتر ده‌كه‌ن و خواردنى تایبه‌ت دروست ده‌كرێت.
ئێزدیه‌كان له‌رۆژى چوارشه‌ممه‌ى سوردا گوڵ له‌سه‌ر سه‌ریان داده‌نێن.
مانگى نیسان بۆ ئێزدیه‌كان تایبه‌تمه‌ندیى خۆى هه‌یه, له‌و مانگه‌دا هیچ رێوڕه‌سمێكى بوك گواستنه‌وه ئه‌نجام ناده‌ن, ئێواره‌ى رۆژى سێشه‌ممه ئاماده‌كاریى ده‌كه‌ن و هێلكه ڕه‌نگ ده‌كه‌ن و ده‌یكوڵێنن, كچان جلى سور له‌به‌رده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ كوڕانى ئێزدى ده‌چنه ده‌شت و ده‌رو گوڵى نیسان لێ ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌یه‌خه‌ى یه‌كترى ده‌ده‌ن.
دواى ڕه‌نگكردنى هێلكه‌كان, پیاوان توێكڵى هێلكه‌كان ده‌خه‌نه نێو زه‌وییه‌كانیانه‌وه, ئه‌و سروته‌ش به‌بڕواى ئه‌وان به‌ره‌كه‌ت ده‌كه‌وێته ڕزق و داهاتیانه‌وه.
به‌بڕواى ئێزدیه‌كان, له‌رۆژى چوارشه‌ممه‌ى سوردا فریشته مه‌لیك تاوس هاتوه‌ته سه‌ر زه‌وى و گه‌ردون به‌سروشت و جوانى گوڵه سوره‌كانى مانگى نیسان ده‌ڕازێنێته‌وه.
به‌لاى ئێزدییه‌كانه‌وه, رۆژى چوارشه‌ممه‌ى سور, جه‌ژنێكى پیرۆزه‌و به جه‌ژنى نوێبونه‌وه ده‌ناسرێ, هه‌ر بۆیه هه‌موو ماڵێك به‌رخێك سه‌رده‌بڕن و به‌شێكى ده‌خۆن و به‌شه‌كه‌ى تریش ده‌نێرن بۆ ماڵه كه‌م ده‌رامه‌ته‌كان.
ته‌واوى بۆنه‌و جه‌ژن و سروته ئاینیه‌كانى ئێزدى به‌كوردیه‌و زمانى نزا‌و پاڕانه‌وه‌شیان له‌كتێبه ئاینیه‌كانیاندا, به‌زمانى كوردییه.
ئێزدیه‌كان جگه له‌جه‌ژنى چوارشه‌ممه‌ى سور, چه‌ند جه‌ژنێكى تریشیان هه‌یه, به‌پێى سه‌رچاوه مێژووییه‌كان جه‌ژنى چوارشه‌ممه‌ى سورى ئێزدیه‌كان له‌نوسراوه‌كانى سۆمه‌رییدا ئاماژه‌ى پێدراوه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چوار هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر.