ئایا جموجۆڵەکانی داعش مەترسییە بۆ سەرهەڵدانەوەی لە عێراق؟

ئایا جموجۆڵەکانی داعش مەترسییە بۆ سەرهەڵدانەوەی لە عێراق؟

کوردنیوز
ئایا لەئێستادا رێکخراوی داعش جموجۆڵەکانی بوەتە مەترسیی و ئەگەری سەرھەڵدانەوەی بە بەھێزیی ؟

ئەوە ئەو پرسیارە ھەستیارەیە کەدابەشبونی لەبارەوە دروستبوە لەنێوان چاودێران سیاسی, ھەندێک پێیان وایە پاساوێکە بۆ مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەسوریاو عێراق.

ھەندێکی تر پێیان وایە ئەگەرەکان لەجێی خۆیدایەو مەترسیی جدیی ھەیە لەسەر عیراق و سوریاو بەھۆی بەھێزبونەەی چەکدارانی داعش و جموجۆڵەکانیان.

لەکۆتاییەکانی ساڵی رابردوو فرانک مەکێنزی فەرماندەی یەکەمی سوپای ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوڕاست ھۆشدارییدا لەھێرشی گروپە چەکدارەکانی نزیک لەئێران و ئەگەری زیادبونی ئەو ھێرشانە بۆ سەر سوپای ئەمریکاو ھێزە عێراقییەکان.

ھاوکات لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگەی زانکۆی ئەوروپیش ھۆشدارییداوە لەوەی کە ئێستا رێکخراوی داعش بەھێز بوەتەوەو لە ھەل و دەرفەتێک دەگەڕێت بۆ ئەنجامدانی ھێرش و پەلامارەکانیان.

ڕاپۆرتی پەیمانگە ئەوروپیەکە ئاماژە بەوە دەکات سیاسەتی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ بەرەنگاربونەوەی چەکدارانی رێکخراوی داعش لەعیراق و سوریا, کەموکورتیی تیادایە, چونکە تەنھا لەڕووی سەربازییەوە ھاوکاری پێشکەش دەکەن, بێ ئەوەی لەسەر ئاستی سیاسی ھەوڵی لێکنزیکردنەوەیان بدەن.

ھەر بەپێی راپۆرتەکە, ھێرشە سەربازیەکەی سەر گرتوخانەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کەرێکخراوی داعش لەسەرەتای ئەمساڵ ئەنجامیاندا, وەک نمونەو بەڵگەی بەھێز ھێناوەتەوەو بەئاماژەیەکی ڕون و ئاشکرای بۆ بەھێزبونەوەی رێکخراوەکەو جوڵەو چالاکیە سەربازیەکانی لەناوچەکە داناوە.


لەئێستادا واشنتۆن لەسەر زاری جێگری وەزیری دەرەوەی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دڵنیایی داوە, کە ھێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا دەمێنێتەوە, بۆ ئەوەی پشتیوانیی ھاوبەشەکانیان بکەن لەتێکشکاندنی یەکجاریی داعش.

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەو گەورە بەرپرسەی ئەمریکا دەڵێت, لەناوبردنی یەکجاریی داعش لەماوەیەکی نزیکدا بەدەست نایەت, ھەر بۆیە پابەندن بەمانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەعیراق و سوریا.

بەڕای چاودێرانی سیاسی, ئەو ھەڵوێستەی واشنتۆن دڵنیاییەکی باشە بۆ ئەو ھەوڵانەی دەدرێت بۆ لەناوبردنی یەکجاریی داعش و بەرگرتن لەسەرھەڵدانەوەو بەھێزبونەوەی رێکخراوەکە, بەڵام لەھەمان کاتدا ئاماژەیەکیشە بۆ ئێرانیەکان کەبەم زووانە ئەمریکیەکان لەعیراق و سوریا بەدیارکراوی پاشەکشە ناکەن.

ئەوەش بەو مانایە دێت, کە بەردەوامبونی جۆرێک لەئاڵۆزیی و پەشێویی گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران لەگەڵ سوپای ئەمریکا بەتایبەت لە عیراق و سوریا بەردەوامیی دەبێت, ئەگەرەکانی بەریەکەوتنی زیاتری شەڕی پێگەو بەرژەوەندیەکانی ئێران و ئەمریکاش لەرۆژھەڵاتی ناوڕاست, وەکو خۆی دەھێڵێتەوە.

PM:12:11:05/05/2022