بومەلەرزە یاساییەکەى دادگاى فیدراڵى عێراق..چۆن و بۆ..؟

بومەلەرزە یاساییەکەى دادگاى فیدراڵى عێراق..چۆن و بۆ..؟
کوردنیوز
دواجار دادگاى فیدراڵ بڕیارێکى قورسى لەدژى پرسى فرۆشتنى نەوتى هەرێم دەرکرد و ئەو پرسەى بەنادەستورى لەقەڵەمدا و داواش دەکات حکومەتى هەرێم بابەندبێت بەڕادەستکردنى نەوت بەحکومەتى فیدراڵ.

بڕیارەکە لەسەرەتادا خوێندنەوەى جیاجیاى بۆ دەکرێت و بەگوێرەى چاودێرانى دۆخەکە پارتى وەک حزبێکى دەسەڵات کاردانەوەى بەرامبەرى دەبێت و هەموو کاردانەوەکانیش لەسەر ئەو پرسە بەزیان بەسەر خەڵکیدا دەشکێتەوە.
 
ئەمڕۆ سێ شەممە "15ى شوباتى 2022" لەڕاگەیەنراوێکدا دادگاى فیدراڵى عێراق لەدوای دانیشتنی لەبارەی پرسى دەستورى و نادەستورى  فرۆشتنی نەوتی هەرێم ڕایگەیاند، "یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوری عێراقە."

   
ئەوەشى ڕوونکردۆتەوە  "حكومەتی هەرێم پابەند كراوە بەوەی وەزارەتی نەوت و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق چاودێری تەواوی گرێبەستەكانی فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێم بکەن."     

دادگاکە دەىشڵێت "حكومەتی هەرێم پێویستە پابەند بێت بە ڕادەستكردنی نەوت بە حكومەتی فیدڕاڵی." 
پێشتر میدیاعێراقییەکان بڵاویان کردەوە، وابڕیارە ئەمڕۆ سێ شەممە" 15ى شوباتى 2022"   دادگاى فیدراڵ لەسەر پرسى یاسایى بوون یاخود یاسایى نەبوونى فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان کۆببێتەوە و لەوبارەیەوە بڕیارێک دەربکات.

بەگوێرەى زانیارییەکان ئەو پرسە بۆ ساڵى 2012 دەگەڕێتەوە کە 3 داواییە لەسەر پەرلەمان و حکومەت و وەزارەتى سامانە سروشتیەکان و 3 داواى لێکتر جیاوازە.

سکاڵاکەى سەر هەرێم لەسەر بنەماى ڕێکەوتنامەى ساڵانى چلەکان تا هەفتاکانى نێوان عێراق و تورکیا لەسەر پرسى فرۆشتنى نەوت کراوە و وابڕیاریشە نوێنەرى یاسایى دەزگاکانى هەرێم یاداشتى خۆیان لەو بارەیەوە پێشکەشى دادگاکە بکەن.

بەپێى زانیارییەکانى کورد نیوز، ئەو داواییە جارێکى تر لەسەردەمى حەیدەر عەبادى جوڵێنراو دادگاى فیدراڵیش چەند هەنگاوێکى لەو بارەیەوە گرتە بەر و بەهۆى ڕاگرتنى کارى دادگاکەوە بۆ سەردەمى کابینەى عادل عەبدولمەهدى دواکەوت، عەبدولمەهدى بەهۆى پەیوەندییە سیاسیەکانیەوە لەگەڵ یەکێتى و پارتى دۆسیەکەى ڕاگرت.

گەرچى تا ئامادە کردنى ڕاپۆرتەکە حکومەتى هەرێم کاردانەوەى بەرامبەر بڕیارەکە پیشاننەداوە بەڵام هەمیشە ئەو ڕێوشوێنانەى کە حکومەتى ناوەند دەیگرێتە بەر بەتایبەت لەسەر پرسى فرۆشتنى نەوت و هەروەها لەسەر داهاتى خاڵە سنورییەکان و چەندین ڕێکارى تر، لەلایەن بەرپرسانى یەکێتى و پارتییەوە دەکرێتە پرسێکى سیاسى و وەک تۆڵە کردنەوە لێکدەدرێتەوە، بەڵام بەپێى شارەزایانى بوارەکە و پەرلەمانتارانى هەرێم بەتایبەت ئۆپۆزسیۆن، پرسى فرۆشتنى نەوت و کۆکردنەوەى داهاتى ناوخۆى ناشەفافن و سەرچاوەیەکن بۆ گەندەڵى.

بڕیارى فرۆشتنى نەوتى هەرێم بەسەربەخۆى لەلایەن بەرپرسانى هەرێمەوە چەندین ساڵە بۆتە جێى ڕەخنە و تێبینى لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن وخەڵکانى ناڕازى و تەنانەت هاوڵاتیانیش بەوەى بڕیارەکە جگە لەنەهامەتى هیچ دەستکەوتێکى ترى بۆ خەڵکى و موچەخۆران نەهێناوە.

پاشەکەوتى موچە، لێبڕینى موچە، گرانى بازاڕ، زیادکردنى باج و ڕسومات لەسەر هاوڵاتیان و دەیان ڕێکارى تر کە حکومەت لەدژى هاوڵاتیانى هەرێم گرتیە بەر بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و دەقە دەستورییەکان، هەموو ئەمانە ڕوداوگەلێکى دواى بڕیارى فرۆشتنى نەوتى هەرێمن لەلایەن بەرپرسانەوە.

سەربارى ئەوەى ئەو پرسە بەهۆى ناشەفافى و بوونى گرێبەستى گوماناوى و جاروباریش ڕوداوى گلدانەوەى پارەى نەوتەکە لە بانکە جیهانیدا وێنەیەکى ترى تاڵانى نەوتەکەى پیشانى دونیاى دەرەوە داوە، لەناخۆى هەرێمیشەوە پەرتەوازەى سیاسى  و بارگرانى بۆ خەڵکى دروستکردووە.


پەیوەست بەبەغداشەوە، پێداگرییەکانى هەرێم لە نەگەیشتنى دەستى دیوانى چاودێرى دارایى عێراق و هەروەها دوورخستنەوەى پرسى فرۆشتنى نەوت لەهەر دەزگایەکى فەرمى چاودێرى عێراقى مشتومڕى زیاترى لەنێوان هەولێر و بەغدادا دروستکردووە و تا گەیشتۆتە ئەوەى حکومەتى ناوەند بەو هۆیەوە چەند هەنگاوێک بنێت کە موچەخۆرانى هەرێم زیانى لێ بکەن.

پرسى ناشەفافى فرۆشتنى نەوت و هەروەها دیارنەمانى بەشێکى داهاتەکەى لەلایەن دوو حزبەکەى دەسەڵاتەوە چەندین جار ڕێکارى پەرلەمانى لەلایەن حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە لەدژ گیراوەتە بەر بەتایبەتى جوڵانەوەى نەوەى نوێ چەندین جار خەباتى پەرلەمانى بۆ شەفاف کردنى ئەو پرسە و گەڕانەوەى داهاتەکەى بۆ خەزێنەى گشتى کردووە، بەڵام هەردوو حزبى دەسەڵات بەردەوام هەوڵیانداوە بەتەمومژاوى بیهڵنەوە.























PM:02:30:15/02/2022