گریانى دایکێک کوڕەکەى لە پەتى سێدارە رزگار دەکات

گریانى دایکێک کوڕەکەى لە پەتى سێدارە رزگار دەکات

کورد نیوز:

لە رووداوێکى بێوێنەدا گریانى دایکێک توانى کوڕەکەى لە پەتى سێدارە رزگار بکات کە بەهۆى میراتییەوە خوشکەکەى خۆى سوتاندبوو.

لە دادگاى تاوانەکانى ناوچەى مەنسورە لە وڵاتى میسر، دواى ئەوەى دادگا گوێى بۆ شایەتیدانى ژنێک گرت لە رووداوى کوشتنى کچەکەیدا لەلایەن برایەکییەوە بەهۆى میراتەوە و بەهۆى داواکردنى دایکەکە بەوەى کوڕەکەى لەسێدارە نەدەن و دوو جار جەرگ سوتاوى نەکەن، دادگا بڕیارى لەسێدارەدانى کوڕەکەى بە زیندانى هەتایى گۆڕى.

بەگوێرەى میدیاکانى ئەو وڵاتە، دایکەکە لەبەردەوام دادوەردا راوەستاوە و سازشکردنى لە مافى مەدەنى خۆى راگەیاندووە و داواى لە دادوەر کردووە کوڕەکەى لەسێدارە نەدات و دووجار جەرگ سووتاوى نەکات.

هاوکات دادوەر بڕیارى لەسێدارەدانى کوڕەکەى بە زیندانى هەتایى گۆڕى و داواى کرد کوڕەکە لە قەفەزى تۆمەتبارى بهێننە دەرەوە و دەست و سەر و قاچى دایکى ماچ بکات بەهۆى ئەوەى لە پەتى سێدارە رزگارى کردووە.

کوڕەکە ناوى محەمەد زەکەریایە و تەمەنى ٤٧ ساڵە و خاوەنى سۆپەرمارکێتێکە لە ناوچەى کەفر کوردى دقهلیە و لەمانگى ئۆکتۆبەرى رابردوودا بەهۆى میراتییەوە هەستاوە بە سوتاندنى وداد زەکەریاى خوشکى.

تاوانبارەکە لە دادگا ئاماژەى بەوە کرد کە ئەو نەیویستووە خوشکەکەى بکوژێت و لەکاتى رووداوەکەدا لەسەر خۆى نەبووە.


PM:04:53:18/01/2022