نەوەی نوێ و ئیمتیداد؛ دەیانەوێت شەڕی نەتەوەیی بۆ شەڕی دەسەڵات بگۆڕن

نەوەی نوێ و ئیمتیداد؛ دەیانەوێت شەڕی نەتەوەیی بۆ شەڕی دەسەڵات بگۆڕن


دوو هێزی پەرلەمانی عێراق، کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ئیمتیدادن دەیانەوێت بازنەی نەتەوەیی و مەزهەبی تێبپەڕێنن و پێكەوە لە بەرەیەكی هاوبەشدا "شەڕی دەسەڵات" بكەن.

كوردنیوز

کەناڵی کورد نیوز لە تێلیگرام جۆین بکە

ماڵپەڕی پەرەگراف بڵاویکردەوە، لە بەغدای پایتەختی عێراقدا، ١٤ی كانونی یەكەمی ٢٠٢١ هەریەک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بزوتنەوەی ئیمتیداد هاوپەیمانییەكیان بەناوی "لەپێناو خەڵک" راگەیاند، بە كۆكردنەوەی ٢٨ پەرلەمانتاری عێراق لەو چوارچێوەیەدا، نۆ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ ‌و نۆی ئیمتیداد و ئەوانی دیكە پەرلەمانتارە سەربەخۆكانن.

ماڵپەڕەکە راشیگەیاندووە، پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانییە لە نێوان هێزێكی كوردیی‌ و عەرەبی یەكەمجارە لە پەرلەمانی عێراقدا روودەدات، ئەو دوو ھێزە ھەردووكیان لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و نزیک لە شەقامن، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی نەوەی نوێ سەرۆكایەتی ھاوپەیمانییەكە دەكات، جوڵانەوەكەی شاسوار عەبدولواحید "موفاجەئەی ھەڵبژاردنەكەی ١٠ی ئۆكتۆبەر بوو لە هەرێمی كوردستان، كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ سێ ھێندە زیادیكرد، ئیمتیدادیش یەكەمجارە دەچێتە پەرلەمانی عێراق."


نیسان عەبدولڕەزا ساڵحی پەرلەمانتاری (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک) لە پشكی ئیمتیداد بە پەرەگرافی وتووە، "هاوپەیمانییەكە هیچ خاڵێكی نهێنیی نییە، هیچ هێڵێكی سووری لەسەر هیچ شتێك نییە، هەروەك ناچینە ژێرباری هیچ لایەنێك و دژایەتی هیچ كەسێكیش ناكەین لەسەر حیسابی كەسێكی تر، روانگە و ئامانجمان یەكە، وەک یەک تیم لەناو پەرلەمان كار دەكەین."


هاوپەیمانی "لەپێناو خەڵک" بەشداری حكومەتی عێراق ناكەن و وەک هێزێكی ئۆپۆزسیۆن کار دەکەن.


مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی دەڵێت، "ئەو هاوپەیمانییە دەریخست چیتر لایەنە عێراقییەكان لە چوارچێوەی مەزهەبی و نەتەوەییدا خۆیان قەتیس نەكردووە، هاوكێشەی سیاسی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و بەرەو ئەوە دەڕوات عێراق ببێتە دەوڵەتی هاوڵاتی، ئیتر خەڵک بێزار بووە لە هاوكێشەکانی پێشتر."


جگە لە نەوەی نوێ، هیچ هێزێكی دیكەی كوردی لەو هاوپەیمانییەدا بەشدارنین، هەریەك لە یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیی كە كورسییان لە پەرلەمانی داهاتوی عێراق بەدەستهێناوە.


جوڵانەوەی ئیمتیداد؛ لەلایەن عەلا روكابی سەرۆكایەتی دەكرێت، کە پزیشكێكی گەنجی عێراقییە و خەڵكی ناسریەیە، بزوتنەوەكەی لەهەناوی خێمەی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكانی ٢٠١٩ی بەغدا و ناسرییە و شارەكانی ترەوە دروستكردووە، لە هەڵبژاردنی ١٠ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ توانییان نۆ كورسی بەدەستبهێنن.


عەلا روكابی لە كۆنفڕانسی رۆژنامەنووسی راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەكەیدا لەگەڵ نەوەی نوێ لە بەغدا ئاشكرایكرد، ویستی ئەوەیان هەیە لە داهاتوودا ببنە جێگرەوەی ئەو دەسەڵاتەی ١٨ ساڵە حوكمی عێراق دەكات، "هیوادارین لە خولەكانی داهاتوودا كورسی زیاتر بەدەستبهێنین بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات."


هاوكات، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی هاوپەیمانییەكە وتی، "ئامانجەكانی ھاوپەیمانییەكە ئامانجی گەل و تەواوی خۆپیشاندەرانە"، وتیشی "موچەی هەرێم و هاوتاكردنی موچەی پێشمەرگە بە سوپای عێراق، ماددەی ١٤٠ و چارەسەركردنی پرسی ناوچە جێناكۆكەكان لە بنەماكانی هاوپەیمانیی لەپێناو خەڵكدان."


ئەحمەد ئەبیەز چاودێری سیاسی عێراقی دەڵێت، نەوەی نوێ ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینەیە و رەگی ئۆپۆزسیۆنبوونیش لە كوردستاندا بوونی هەیە.


ئەبیەز خۆی یەكێك بوو لە دەنگە جیاوازەكانی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ و رۆژانی دواتر كە بەهۆی هەڕەشەوە عێراقی بەجێهێشت.


وەک ئەحمەد ئەبیەز دەڵێت، "دەبێت ئەو هاوپەیمانێتییە لەبەردەم گوشارەكانی دەسەڵات خۆڕاگربن، چونكە دەرفەتێكی باشیان لەبەردەمدایە ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە، بەو مەرجەی بەرگەی ئەو گوشارە گەورەیە بگرن كە لە داهاتوودا دەكرێتەسەریان."


هاوپەیمانێتییەكەی نەوەی نوێ و ئیمتیداد پەیمانی شەرەفی واژۆكردووە و لە خاڵێكیاندا بەڵێندەدەن هەموان لەناو هاوپەیمانییەكەدا بمێننەوە، خاڵێكی دیكەی بۆ بوون بە ئۆپۆزسیۆن و خاڵێكیشی بۆ ئەوەیە كار بۆ خۆیان نەكەن و لە پێناو خزمەتكردنی خەڵكدا هەوڵبدەن.


هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ رایگەیاندووە، رێككەوتنیان لەگەڵ ئیمتیداد بە پێداگری نەوەی نوێ بووە تا بەشداری دەسەڵات نەكەن و ببنە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كاریگەر، "لەم خولە و خولی رابردووش پێشنیازی پێدانی پۆستی وەزیر بە نەوەی نوێ كراوە، بەڵام رەتمانكردووەتەوە، چونكە ئێمە بۆ پۆست و پارە ناچینە بەغدا."


نیسان عەبدولڕەزا ساڵحی ئەندامی جوڵانەوەی ئیمتیداد وتی، "لەسەر ئامانجەكان گەیشتینە ڕێككەوتن كە بەیەكەوە لە هاوپەیمانیەتی لەپێناو خەڵک كار بۆ هەموو عێراقییەل بكەین لە كورستانەوە تا فاو، ئێمە هەرێمی كوردستان بە بەشێک لە عێراق دەزانین و لەم روانگەیەوەش بەهەمان رۆحیەت لە پەرلەمانی عێراق كار بۆ داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین، وەک چۆن بۆ دانیشتووانی هەموو پارێزگاكانی تری عێراق دەكەین."


سەبارەت بە چۆنیەتی پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسا بە تایبەت ئەوانەی لە بەرژەوەندی كورددایە، ئەندامەكەی ئیمتیداد لە هاوپەیمانییەكە دەڵێت، نووسینەوەی پڕۆژەیاساكان لەنێوان خۆیاندا پێشوەختە ڕێككەوتنی لەسەر دەكەن، تا ئەولەویەت دیاریبكەن و ئەوەی زەروورە پێشبخرێت.


"بێگومان هەموو ئەو پڕۆژانە پێشكەش دەكەین كە نەوەی نوێ لەناو هاوپەیمانێتییەكە پێشكەشی بكات و پەیوەست بێت بە داخوازییەكانی كورد"، بەوتەی نیسان عەبدولڕەزا ساڵحی

نەوەی نەوێ لە خولەکانی رابردووشدا، نە لە عێراق و نە لە هەرێم بەشداریی دەسەڵاتی نەكرد.

وتەبێژی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان دەمێكە پڕۆژەكانیان پێشكەشی پارتی و یەكێتی كردووە تا گفتوگۆی بەشداری لە حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای ئەو پڕۆژەیە بێت، كە خۆی لە "پرسی موچەی فەرمانبەران و هاوتاكردنی موچەی پێشمەرگە لەگەڵ سەربازانی سوپای عێراق و پرسی مادەی 140 دەبینێتەوە، بەڵام پارتی و یەكێتی بۆ پۆست دەچنە بەغدا بۆیە تائێستا وەڵامی نەوەی نوێیان نەداوەتەوە."


كورد لە پەرلەمانی داهاتودا كورسییەكانی زیادیكردووە و خاوەنی ٦٣ پەرلەمانتار دەبێت لە كۆی ٣٢٩ كورسی پەرلەمان.


پۆستە سەرەكییەكانی عێراق، بە تایبەت سێ سەرۆكایەتییەكە تاڕادەیەك واباوە لەنێوان سێ نەتەوەدا دابەشبكرێن، لە دوای روخانی دەسەڵاتی بەعسەوە لە ٢٠٠٣بەدواوە هەر وابووە، سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كورد، سەرۆك وەزیران بۆ عەرەبی شیعە و سەرۆكی پەرلەمان بۆ عەرەبی سوننەیە.


لە دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ١٠ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە، یەكێتی و پارتی لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی پشكی كورد بە تایبەت سەرۆک كۆمار لە میدیادا دژایەتی یەكتر دەكەن‌ و هەرلایەكیان پۆستەكە بە مافی خۆی دەزانێت.


وتەبێژی نەوەی نوێ لەبارەی هەنگاوەكانی داهاتوی هاوپەیمانییەكەیانەوە جەختیكردەوە، ئەوان دەبنە هێزی گوشار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان و كاتێك ناچنە حكومەت بەمانای ئەوە نییە نەتوانن ئیشی لەسەر بكەن، "ئەوەتا پارتی و یەكێتی ١٨ ساڵە بەشدارن لە حكومەتی عێراق، چییان كردووە بۆ مادەی ١٤٠؟ ئێمە دەمانەوێت لەو هاوپەیمانێتییەدا پرۆژە بۆ هەموو ئەو ئامانجانەی لەسەری گەیشتووینەتە ڕێككەوتن پێشكەش بكەین."




AM:09:48:08/01/2022