تاوانبارە بەرگ پرتەقاڵییەکان و بکوژە ئازادەکان..!

تاوانبارە بەرگ پرتەقاڵییەکان و بکوژە ئازادەکان..!
کوردنیوز
سەربارى ئەوەى ئەمڕۆ پێنج شەممە "6ى کانوونى دووەمى 2022"  ژمارەیەک لەگەنجە دەستگیرکراوەکانى پیرەمەگرون ئازاد کران، ئەوەش لەژێر فشارى چالاکانى هەرێمدا ، بەڵام لێکەوتەى پیشاندانیان لەتەلەفزیۆن بەبەرگى پرتەقاڵیەوە ، هەروەها وەک تاوانبار و پیشاندانیان لەناخى هاوڵاتیاندا کاریگەرى خراپى بەشێوەیەک داناوە، ئەمەش زیاتر لەڕوداوەکانى تر دەبێتە هۆى لەکەدارکردنى ناوبانگى هەرێم و شێوازى حکومڕانیەکەى.


لەگەڵ پیشاندانى چەند گەنجێکى خۆپیشاندەرى پیرەمەگرون لەشاشەکانەوە کاردانەوەى توندى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى لێکەوتەوە، گەرچى ئاسایشى سلێمانیش ووتى:" ئەوە جێبەجێ کردنى یاسا بووە و بەرگەگەش ڕێگەپێدراوى نێو دەوڵەتیە"، بەڵام لەبەرامبەریشدا خەڵکى دەپرسێت تاچەندە یاسا بەسەر ئەوانەدا جێ بەجێ دەکرێت کە تۆمەتبارى کوشتنى خۆپیشاندەرەکان و ڕوداوى تەقەکردن لەهێزە ئەمنیەکان و بریندارکردن و و شەقتێهەڵدان لەناو دەمى خوێندکارانى خۆپیشاندەردا جێبە جێ دەکرێت..؟


سەربارى ئەوە هەر لەگەڵ بڵاوکردنەوەیدا جارێکى تر ژمارەیەک لەیاساناسان و چالاکانى مافەکانى مرۆڤ و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، ئەوەیان پرسیى، پێش سزادانیان لەلایەن دادگا چۆن دەبێت بەبەرگى پرتەقاڵیەوە پیشانبدرێن و کەیسەکەشیان کە تۆمەتبارکردنە بەبەشدارى خۆپیشاندان کەى ئەو کەیسە تایبەتە بەئاسایش..؟


لەکاتێکدا ئاسایش زیاتر کەیسەکانى تیرۆر و ساختەکارى و مادە بێهۆشکەرەکان دەگرێتە خۆ..! ئەوە سەربارى خستنەڕووى چەند خەوش و عەیبەیەکى لێکۆڵینەوە و هەروەها پرسى پێشێڵکارى لەمافەکانى مرۆڤدا وەکو ئەوەى ئەوانە گروپێک نەبوون بۆ کارى تێکدەرانە دروستبووبێتن و مەبەستیان سوتاندنى شوێنەکە بێت، چونکە بەپێى وتەکانیان کە ئاسایش لەسەر تەلەفزیۆن بڵاوى کردەوە، ئەوانە بەشێوەیەکى هەڕەمەکى بەشدارى خۆپیشاندانیان کردووە و بەشدارى کردنى لەخۆپیشاندانیش مافێکە دەستورى عێراق فەراهەمى کردووەبەمادەی 15 و 38 كەتیایدا مافی خۆپیشاندان و ئازادی ڕادەبڕین بەرجەستەكراوە.


خاڵێکى تر کە لەلایەن شارەزایان و چالاکانەوە بووە جێى گومان لەوتەى تۆمەتبارە بەرگ پرتەقاڵیەکاندا ئەوەبوو، سەرجەم ئەو گەنجانەى کە قسەیان دەکرد باسى کەسێکیان دەکرد کە ئاگرى کردۆتەوە و هۆکارى گڕتێبەربوونى کتێبخانەکە بووە، ئەى بۆ ئەو کەسە چۆن پیشاننەدرا و لەو لێکۆڵینەوەیەدا غائب بوو..؟! جگە لەخستنەڕووى هۆکارى قەیرانەکان کە دەبنە هۆى سەرهەڵدانى ناڕەزایەتى و داواکارى خەڵکى لێدەکەوێتەوە و زۆرجاریش بەرەو توندوتیژى و زیانگەیاندن بەموڵکى گشتى لێ دەکەوێتەوە کە ئەمەیان یاساشکێنینە بەڵام لەگەڵ بەگوێنەگرتن و فەرامۆشکردنى چارەسەردا لەلایەن دەسەڵاتەوە هەر جارەو کێشەکانیش گەورەتر و ناڕەزایەتیەکانیش فراوانتر دەبن.


لەبەدواداچونێکى کورد نیوزدا کە تەنها چەند ڕوداوێک بیردەخەینەوە کە لەماوەى ساڵى ڕابردوودا ڕوویداوە، باسى کارەساتەکانى 30 ساڵى حکومڕانى ناکەین، بابزانین بۆچى لەبەرامبەر تاوانى کوشتنى خۆپیشاندەر و هەڵکوتانە سەر هێزە ئەمنیەکان و بریندار کردنى خۆێندکارانى زانکۆو پەیمانگاکانى سلێمانى و چەندین ڕوداوى ترى توندوتیژى و گێرە شوێنى و لەناو سلێمانى و پێشێلکردنى یاسا، هیچ ئەنجامێکى سزاى یاسایى تۆمەتبارانى لێ نەکەوتۆتەوە..!


کەچى بۆ ڕوداوێکى ئاسایى سوتاندنى کتێبخانەیەک ژمارەیەک گەنجى خۆپیشاندەر دەهێنرێتە سەر شاشەى تەلەفزیۆن و وەکو تاوانبار پیشاندەدرێت گوایە تاوانێکى هێندە گەورەیان کردوە شایەنى ئەو سزایە بن کە مەگەر دەسەڵاتێکى لەم شێوەیە پەناى بۆ ببات.


لەخۆپیشاندانەکانى کۆتایى ساڵى 2020 بەهۆى بێ خزمەتگوزارى شاروشارۆچکەکان و گەندەڵى و نادادى و بێکارى گەنجانەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى بەرفراوان بەتایبەتى لەسنورى پارێزگاى سلێمانى و ڕپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە دەستیانپێکرد، سەرەتا چینى گەنجان و دواتریش ژمارەیەک لەچینەکانى تر بەشداریان تێدا کرد، لەبەرامبەریشدا یەکێتى وەک حزبى خاوەن دەسەڵات لەم ناوچەیە هێزێکى ئەمنیى بێ شومارى لەدژى خۆپیشاندەران بەکارهێنا، زۆربەى شاروشارۆچکەکانى ناوچەکەى پڕکرد لەهێزى چەکدار، بەهۆى گرژى نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکانەوە 8 خۆپیشاندەر شەهید کران، بەتایبەت لەقەزاى سەید سایەق دوو خۆپیشاندەر شەهیدکران کە یەکێکیان تەمەنى 13 ساڵان و ئەوی تریان مێرد منداڵ بوو، لەهەندێ ئەو ڕوداوانەدا تەقەکەران ناسرانەوە.

لەلایەن کەسوکارى قوربانیانەوە سکاڵاى یاسایى لەدژى تەقەکەران تۆمار کرا، بەتایبەت کەسوکارى قوربانیەکەى قەزاى کفرى سکاڵاى یاساییان لەدژى بەرپرسێکى هێزى پێشمەرگە بەو هۆیەوە تۆمار کرد، بەوتەى کەسوکارى شەهیدەکەى کفرى تا ئێستا ئەو بەرپرسە ئامادە نەبووە بچێتە بەردەم دادگا و تا ئێستا پەنابردن بۆ دادگا لەلایەن کەسوکارى ئەو قوربانیەوە بێ ئەنجام ماوەتەوە، تەنها کاردانەوەیەک لەبەرامبەر ئەو ڕوداوەدا هەبووە کەسوکارى ئەو قوربانیە وازهێنانى خۆیان لەیەکێتى ڕاگەیاندووە.


لەڕوداوى خۆپیشاندانەکانى ئەو ساڵەدا سەربارى شەهید کردنى 8 گەنجى خێرلەخۆ نەدیوى ئەم وڵاتە، نزیکەى 200 خۆپیشاندەرى تر بەگولەى هێزە ئەمنیەکان بریندارکران، تۆمەتبارانى ئەو یاسا شکێنى و خەڵک کوشتن و خوێنڕشتنە لەکوێن و چۆن یاسایان بەسەردا جێبەجێکرا، ئایا بەرگرى پرتەقاڵیان لەبەر کرا..؟


غیابى سزا بەسەر تاوانباردا لەڕوداوى کوشتن و خوێنڕشتنى خەڵک و گەنجى خۆپیشاندەر، دەبێ یاسا بەسەر کێدا زوو بچەسپێت و بهێنرێتە بەردەم شاشە و وەک تاوانبار پیشانبدرێت..؟ هەر لە سەر چۆنیەتى جێبەجێ کردنى یاسا، یان ڕاستر دیاردەى قوتاربوونى ئەوانەى تاوانێک دەکەن ، یان تۆمەتبارى پێشیلێکارییەکى زەقن، چەند ڕوداوێکى تر بەراورد دەکەین.


بەپێى ڕونکردنەوەیەکى ئاسایشى سلێمانى کە لە 2ى تشرینى یەکەمى 2021 بڵاوى کردۆتەوە، لە بازگەی تاسلوجەى شارى سلێمانى لەكاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێكی سەر بە ھێزەكانی پێشمەرگە لەنێوان پێشمەرگە و كارمەندانی بازگەكە لێكتێنەگەیشتنێك روویداوە، لە ئەنجامدا بۆتە دەماقاڵە و شەڕ لەلایەن پێشمەرگەكانەوە بە چەقۆ ھێرش كراوەتە سەر چەند كارمەندێك ئاسایش و بریندار كراون، بەداخەوە عەریف/ شاخەوان ئەحمەد مەحموود كارمەندی ئاسایشی بازگەی تاسلوجە بەھۆی سەختی برینەكەی شەھید بووە و پێنج كارمەندی دیكەش برینداربوون".


ئەو ڕوداوە، لەچەمکى پاراستنى دەزگا فەرمییە نیشتیمانى و سەروەریەکانى وڵاتتدا دەچێتە چوارچێوەى هەڵکوتانەسەر دەزگا و کارمەندى دەوڵەتى کە ئەرکى پاراستنى ئاسایشە، پێشێلکردنێکى مەترسیدارى یاسایە، ئایا تۆمەتبارانى ڕوداوەکە هێنرانە سەر شاشەى تەلەفزیۆن بەبەرگى پرتەقاڵیەوە باسى ڕوداوەکە بکەن، کەچۆن بەچەقۆ دەستیان چۆتە خوێنى کارمەندێکى بێ تاوان کە ئەرکى پاراستن و یاسا بووە..؟ یان ڕاستر لەگوڵێک کاڵتریان پێوتراوە..؟


لەکوێن و بۆ ڕۆڵى جێبەجێى کردنى یاسا لەم ڕوداوانەدا هێجگار وون و نادیارە…؟ هەر لەڕوداوێکى لەو شێوەیەدا، بەپێى ڕاگەیەنراوێکى ڕاگەیەنراوە فەرمییەکان لەکاتژمێر 11ى شەوى 21 لەسەر 22ى حوزەیرانى ساڵى 2021، هێزێکى ئاسایش لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان لەلیژنەى پارێزگارى سلێمانى، لەئەرکێکى فەرمیدا بوون لەسەر شەقامى جەواهیرى گەڕەکى سەرچنار بۆ پاراستنى ئاسایشى و ئارامى شارەکەمان. لەو کاتەدا شۆفێرێک پابەندى ڕێنماییە یاساییەکان نابێت و لەوەشەوە گرفت دروستدەبێت، دواتر ئەو شۆفێرە هێزى چەکدار بەکاردەهێنێت و هەڵدەکوتنە سەر هێزە ئەمنیەکە کە لەئەرکدا دەبن و لەدەرئەنجامدا 6 کەس لەکارمەندانى هێزەکانى ئاسایشى سلێمانى و کارمەندێکى پۆلیس بریندار دەبن و ڕەوانەى نەخۆشخانەش دەکرێن.


شۆفێرەکە کە پابەندى یاسا نابێت، کچى بەرپرسێکى باڵاى یەکێتیە کە پۆستى لەسەرۆکایەتى هەرێم هەیە، بەوەشەوە ناوەستێت بانگى چەکدارەکانى باوکى دەکات و ئەوانیش هەڵدەکەوتنە سەر هێزێک کە لەئەرکى پاراستنى ئاسایشى شارەکەدا بووە، ڕوداوەکە بەوەشەوە ناوەستێت بریندارى ئەو هێزەى لێدەکەوێتەوە کە پەلامار دەدرێت، لێرەدا دیسانەوە هێزى دەوڵەتى و دەزگاى فەرمى حکومى بریندار دەکرێت و پەلامار دەردێت و یاساى بەرامبەر دەشکێنرێت…


تۆمەتبارانى ئەو ڕوداوە یاسا چى پێکردن..؟ ئەو یاسا و هێزەى بەرگى پرتەقاڵى پێ دەکاتە بەر چەند گەنجێگى خێر لەخۆ نەدیو و و وەک تاوانبارێکى گەورە پیشانیاندەدات. نزیکتر لەو ڕووداوانە، مانگى تشرینى دووەمى ساڵى ڕابردوو، بەهۆى پێنەدانى دەرماڵەکانیان و بێ خزمەتگوزارییەوە، ژمارەیەک لەخوێندکارانى زانکۆ پەیمانگا حکومییەکانى شارى سلێمانى خۆپیشاندانیان دەستپێکرد، بەهۆى گوێ نەگرتن لەداواکارییەکانیانەوە خۆپیشاندانەکان بەرەو شەقامەکانى ناو شارى سلێمانى پەڕییەوە، دیسانەوە وەک تەنها چارەسەر یەکێتى پەناى بردەوە بەر هێزى چەکدار، ئاسایش و هێزە جیاوازەکانى خستەگەڕ بۆ سەرکوتکردنیان، حەرەمى زانکۆ لەژێر شکێنرا و هێزە چەکدارەکانى سلێمانى بەفەرمانى بەرپرسانى ناوچەى سلێمانى کەوتنە گیانی خوێندکاران لەناو زانکۆ و سەربارى بریندار کردنى دەیان خوێندکار سەدەهاى دیکەیان لە زیندانیەکانیان ئاخنى و تەنانەت وەفایەکیان بۆ وێنەى تاڵەبانیش نەبوو لەژێر وێنەکەى ئەودا لەزانکۆى سلێمانى تەپۆ تۆزى توندوتیژى لەدژى خۆێندکارانى خۆپیشاندەر هەستاند.


دیمەنى شەق هەڵدان لەناو دەمى خوێندکارێکى كورد کە دواتر بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاند ووتى " ئەو ساتەى شەقیان لەناو دەمم هەڵدا، تەنها شوناسى پەیمانگاکەم و 6 هەزار دینارم پێ بوو" میدیا عێراقى و عەرەبى و تەنانەت جیهانیەکانیشى تەنیى، لەکاردانەوەى ناوخۆیشدا چالاکانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وێنەى مولازم موحسینى سەردەمى بەعسیان بیردەخستەوە کە ڕۆژگارێک چى بەشارى سلێمانى و کەسوکارى پێشمەرگە کردووە و بەویان دەشوبهاند. لەبەرامبەر ڕوداوەکەدا ، هێزە ئەمنیەکان دانیان بەڕوداوەکەدا کە ئەنجامیانداوە و ئەمجارەیان کامێرا ڕەحمى پێنەکردن و تاوانەکەیانى خستە بەرچاو، واتا دانیان بەوەدا شەقیان لەناو دەمى ئەو خوێندکارە خێر لەخۆ نەدیوە ، ئەى ڕۆڵى یاسا چى بوو..؟ کێ لەسەر دادگاییکرا..؟


تاوانێکى بەردەم کامێرا کەدواتر خۆیان دانیانپێدا نا و قوربانیەکەش سکاڵاى تۆمارکرد و پەناى بردە بەر یاسا، کێ لەسەر سزادرا..؟ ئایا بەرگى پرتەقاڵى شایەنى کێ بوو بیپۆشێت..؟ ئەوانەى داواى ژیانێکى شایستە دەکەن یاخود ئەوانەى شەق لەناو دەمیان هەڵدەدەن..؟ هەر لەسەر چۆنیەتى ئەوانەى تۆڕى یاسا خێرا دەیانگرێتەوە و دەخرێنە زیندانەکانى ئاسایشەوە و ژمارەیەکى تریش بەپلان بێ یاخود بەهۆى کەمتەرخەمیەوە لێ دەردەچن، لەڕوداوێکدا شەوى 4ى کانوونى یەکەمى 2021 لەکاتى بەهاناوەچوونى ژنێکى هەڕەشەلێکرا و تیمێکى پۆلیسى بەڕێوەبەرایەتى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ژنان لەلایەن تۆمەتبارێکەوە تەقەیان لێدەکرێت و بەوهۆیەوە نەقیبێک شەهید دەکرێت، بەوتەى کەسوکارى قوربانیەکە تا ئێستا تۆمەتباران کەناسراونەتەوە و دەستگیرنەکراون و بەڵکو بۆ هەڵهاتوون…پرسیارەکە ئەوەیە بۆ کوێ هەڵهاتون بۆچى تا ئێستا دەستگیرنەکراون و کێ ئاسانکارى بۆ دەربازکردنى کردوون..؟


ئەمانە تەنها پانۆڕامایەک لەو ڕوداوە کەمانە بوون کە لەماوەى ساڵێکدا ڕوویاندا، هەر هەموویان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بەدوو پرسى سەرەکییەوە هەبوو، ئەوانیش مامەڵەى هێزە ئەمنیەکان لەگەڵ ڕوداوەکاندا و چۆنیەتى جێبەجێکردنى یاسا وەک ئەوەى کە هەیە و دەبێت وەکو یەک بەسەر یەکدا جێبەجێ بکرێت، کەچى لەڕوداوى هێرش و پەلامارى سەر هێزە ئەمنیەکانیشدا کە پێشێلیکردنێکى مەترسیدارە، لێرەشدا دیار نیە چۆن یاسا جێ بەجێ دەکرێت و بۆچى لەدژى پێشێلکارانى دژى هێزە ئەمنیەکانیش دەرئەنجامەکانى دیار نین، کەچى کاتێک کۆمەڵێک گەنجى خێر لەخۆ نەدیوى خۆپیشاندەر دەستگیردەکرێن ئەو هێزە بەرگى پرتەقاڵى لەبەر دەکەن و وەک گەورە تاوانبار پیشانى دەدەن..

PM:01:40:06/01/2022